ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: دوای چەند مانگ لە پشتیوانیکردنی سیاسەتەکانی ئەمریکا دژی ئێران، وڵاتانی ئەوروپایی ئێستا نیگەرانن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سووتەمەنی؛ نیگەرانییەک کە دەریدەخات دەرئەنجامەکانی سەرکێشی سەربازی تەنها لە بەرەکانی شەڕدا سنووردار نییە و دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و سەقامگیری ئابووری ئەو وڵاتانە هەبێت کە ڕۆڵیان هەبووە لە دروستبوونی قەیرانەکەدا.
ئێستا بەرزبوونەوەی تێچووی وزە و ئەگەری بڵاوبوونەوەی ناسەقامگیری لە بازاڕە جیهانییەکاندا وایکردووە حکومەتەکانی ئەوروپا بگەنە ئەو ئەنجامەی کە درێژەدان بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران دەتوانێت دەرئەنجامەکانی لە دەرەوەی حیساباتی سەرەتایی خۆیان هەبێت.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکی پاتریک وینتوردا نووسیویەتی، وەزیرانی دەرەوەی هەشت وڵاتی ئەورووپایی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆبوونەوەی ئیستەنبوڵ، داوایان لە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی کردووە، هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێنەکەنەوە.
هۆشداریشیان داوە کە دەستپێکردنەوەی ململانێکان ڕەنگە قەیرانەکە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا بڵاوبکاتەوە و نرخی نەوت هێندەی تر بەرزبکاتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، پێکهێنانی جۆرێک لە "بلۆکی دژە جەنگ"ی فرەنەتەوەیی لە دۆخێکدا گرنگ بووە کە دانوستانە ئەتۆمییەکانی تاران لە وەستاندایە و ئاماژەش هەیە کە واشنتۆن و تەلئەبیب ئامادەن هەنگاوی سەربازی دەستپێبکەنەوە.
بەڵام پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە کە وڵاتانی ئەورووپایی تا چەند دەرئەنجامی ئەم جۆرە سیاسەتەیان بۆ ئاسایش و ئابووری خۆیان لەبەرچاو گرت، کاتێک پشتیوانیان لە کردەوەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دژ بە ئێران کرد؟
بەشێک لە حکومەتەکانی ئەوروپا، بە دابینکردنی ئیمکاناتی سەربازی یان لۆجستی و پشتیوانی بۆ ئەمریکا، بەشدارییان لە پرۆسەیەکدا کرد کە فشارەکانی لەسەر ئێران زیاتر کرد.
ئێستا هەمان وڵاتان هۆشداری دەدەن لە تەشەنەسەندنی قەیرانەکە و لێکەوتە ئابوورییەکانی؛ وەک ئەوەی زیادبوونی تێچووی وزە وای لێکردبێت کە زیاتر لە جاران ئاگاداری ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بن.
ئێستا ئەورووپا لەبەردەم دەرئەنجامی پارادۆکسیکی سیاسەتێکدایە کە پشتیوانی لە گوشاری سەربازی لەدژی ئێران لەگەڵ نیگەرانی لە دەرئەنجامەکانی هەمان گوشار بۆ سەر ئابووریی ئەورووپایە.
حکومەتە ئورووپاییەکان ناتوانن لە لایەک ڕۆڵ بگێڕن لە ئامادەکردنی زەمینە بۆ کردەوەی سەربازی یان پشتیوانی لە سیاسەتەکانی واشنتۆن و لە لایەکی دیکەشەوە چاوەڕێی ئەوە بکەن کە دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی ئەو کردەوانە تەنیا بۆ ئێران و وڵاتانی ناوچەکە بمێنێتەوە.
لە دونیای ئەمڕۆدا کە بەیەکەوە بەستراوەتەوە، قەیرانە ئەمنییەکان بە خێرایی دەگوازرێنەوە بۆ بازاڕەکانی وزە و زنجیرەی دابینکردن و تێچووی ژیانی هاووڵاتیان.
لەم نێوەندەدا گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین گۆڕاوە دیاریکەرەکان لە هاوکێشە ئەمنییەکان و ئابوورییەکانە. ئەم ڕێڕەوی ئاوییە ستراتیژییە ڕێڕەوی بەشێکی گرنگی بازرگانی نەوت و غازی جیهانییە و هەر پەککەوتنێکی جددی لە هاتوچۆی کەشتییە وزە هەڵگرەکان بەو ڕێگایەوە دەتوانێت بازاڕەکانی جیهان تووشی شۆک بکات.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان لەو دەرئەنجامانەن کە دەتوانرێت بە خێرایی بگوازرێنەوە بۆ ئابووری وڵاتانی هاوردەکاری وزە.
هەروەها ئێران بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و توانا ستراتژیکییەکانی لە ناوچەکەدا بەشێکی گرنگی هاوکێشەکانی ئاسایشی وزەی جیهانە. بۆیە ئەگەری پچڕانی ڕۆیشتنی وزە لە گەرووی هورمز، تەنانەت بەبێ سیناریۆی داخستنی، دەتوانێت کاریگەری لەسەر چاوەڕوانییەکانی بازاڕ و حیساباتی حکومەت هەبێت.
داخستنی گەرووی هورمز دەرئەنجامێکی دیاریکراو و بێ یەک و دوو نییە، بەڵام چاوپۆشی لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەکانی دەوروبەری، واقیعبینانە نابێت. هەروەها ئەو حکومەتانەی کە پشتیوانی لە زیادبوونی گوشارە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دەکەن، پێویستە ئەگەری کاردانەوەی بەرامبەر و کاریگەرییەکانیان لەسەر بازاڕی وزەی جیهانیش لەبەرچاو بگرن.
بۆ وڵاتانی ئەورووپایی ئەم پرسە دوو هێندە گرنگە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سووتەمەنی نەک هەر تێچووی دابینکردنی وزە زیاد دەکات؛ هەروەها دەتوانن تێچووی بەرهەمهێنان لە کارگەکاندا و گواستنەوەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ماڵەوە زیاد بکەن. لەم جۆرە هەلومەرجەدا فشاری هەڵاوسان توندتر دەبێتەوە و پیشەسازییە ئەوروپییەکان ڕەنگە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر ببنەوە لە ڕکابەریکردن لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی ناوچەکانی دیکەی جیهان.
بەم شێوەیە دەرئەنجامەکانی قەیرانەکە لە ئاستی پەیوەندییەکانی دەرەوە تێدەپەڕن و دەبنە پرسێکی ڕاستەوخۆ لە ژیانی هاووڵاتیان و کارکردنی ئابوورییەکانی ئەوروپادا.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە ناتوانرێت خەمی وڵاتانی ئەوروپایی ئەمڕۆ تەنیا بە هەڵوێستێکی دیپلۆماسی هەژمار بکرێت؛ ڕەنگدانەوەی پێکدادانی حیساباتە سیاسییەکانە لەگەڵ واقیعە ئابووری و جیۆپۆلیتیکییەکان. بۆ هەندێک لە حکومەتەکانی ئەوروپا، لایەنگری واشنتۆن ڕەنگە ڕەچاوکردنی سیاسی یان ئەمنی هەبێت، بەڵام ئەمە بە مانای بەرگریکردن لە دەرئەنجامەکانی بڕیارەکانی ئەمریکا نییە. کاتێک قەیرانەکە تەشەنە دەکات، ڕەنگە هاوپەیمانەکانی واشنتۆنیش ڕووبەڕووی ئەو تێچوونانە ببنەوە کە نە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە بڕیاردانی سەرەتاییدا هەبووە و نە دەتوانن بە ئاسانی ڕێگری لە کاریگەرییەکانی بکەن.
هەڵوێستی وەزیرانی دەرەوەی هەشت وڵات لە ئەستەنبوڵ دەریدەخات کە نیگەرانی لە تەشەنەسەندنی قەیرانەکان ئێستا بووەتە ڕەچاوکردنی جددی لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپادا.
ئەمە دژایەتی دەستپێکردنەوەی کردەی سەربازییە و مەرج نییه به مانای گۆڕانکاریی بنەڕەتی له سیاسەتی ئەو وڵاتانه بەرامبەر ئێران بێت؛ ڕەنگە نیگەرانی لە تێچووی ئابووری و ئەمنی وای لێکردبێت زیاتر لە هەموو هۆکارێکی تر هەڵوێستێکی لەو شێوەیە بگرنەبەر. بەڵام هەمان ئەم نیگەرانییە ئەوەش نیشان دەدات کە درێژەدان بە ڕووبەڕووبوونەوە دەتوانێت جیاوازی دروست بکات تەنانەت لە نێوان هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و تێچووی سیاسی بڕیارەکانی واشنتۆن زیاد بکات.
لە کۆتاییدا، زیادبوونی نیگەرانییەکان لە ئەوروپا سەبارەت بە نرخی نەوت و سووتەمەنی، بیرهێنانەوەی واقیعێکی ڕوونە: مرۆڤ ناتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە پەرەسەندنی قەیرانێکدا و چاوەڕێی ئەوە بکات کە تێچوونەکانی تەنیا لەسەر شانی لایەنی بەرامبەر بمێنێتەوە. پێویستە حکومەتەکانی ئەوروپا لە ئەزموونی ئێستاوە فێربن کە ئاسایشی وزە و سەقامگیری ئابوورییان لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاناکرێتەوە، هەروەها سیاسەتە سەربازییەکان دەتوانن لێکەوتەی پێشبینینەکراو بۆ خودی لایەنگرانی خۆیان دروست بکەن.
ئێستا کە بەرزبوونەوەی تێچووی وزە بووەتە نیگەرانییەکی جددی، پرسیارە بنەڕەتییەکە هەر دەمێنێتەوە: بۆچی دەرئەنجامە ئابووری و ئەمنییەکانی ئەم ڕێبازە بۆ وڵاتانی ئەوروپا وەک ئەمڕۆ گرنگ نەبوون، پێش ئەوەی هەنگاوی سەربازی دژی ئێران بگیرێتەبەر؟
Your Comment